موجتەبا خالیدی، وتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک لە ناوچەی 'خۆی' لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژاوا روویداوە و زیاتر لە 230 کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی 10ـی 2022، وتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی خێرای ئێران رایگەیاند، بەپێی نوێترین ئامارەکان، زیاتر لە 230 کەس لە رووداوی بومەلەرزەکەی شاری خۆی برینداربوون.
هەروەها ئەمیرعەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژاوا ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێک لەو کەسانە لە کاتی هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە برینداربوون و چارەسەری پزیشکی خێرایان بۆکراوە.
لای خۆشیەوە ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران دەڵێت، "ناوەندی بوومەلەرزەکە شاری 'خۆی' بووە ، بە گوڕی 5.4 پلەی ریشتەر و کاتژمێر 03:51 خولەکی بەرەبەیانی روویداوە."
342/